عەوڵا کەچەڵ و خات مەنیج
هێمنی مەلا بە هەڵاتنەوە هات! وەرە وەرە عەوڵا کەچەڵ مردووە! نا نا! کەی بۆ کوا؟! وەرە با بچێن هەڵێ وەرە ورە! ماڵی عەوڵا کەچەڵ و خات مەنیج ماڵێکی گڵی بوو هەموو دار و دیوارەکانی بە گڵ سواغدرابوو. حەوشەویەکی نە گەورە و نە بچووکی بوو کە بڕێک گوڵە باغ و دارێکی سونجووی تێدابوو. کە چووینە ژوور خات مەنیجم دیت لەبەر هەیوانی ماڵێ دەگریا کەسی لە لا نەبوو تەنیا ئێمە چەند منداڵێک ئاوا ڕاوستابووین سەیری فرمێسکەکانی خات مەنیجمان دەکرد کە نەمزانی فرمێسکی بێ کەسی لەو بارودۆخەدا بوو یان فرمێسکی مردنی تاقەکەسی ژیانی ساڵانی دووری. نازانم.
خات مەنیج و کاک عەوڵا منداڵ و شتیان نەبوو بێکەس بوون و هەژار. عەوڵا کەچەڵ زۆر بێدەنگ بوو هەمیشە یان لە بەردەرگا بوو یان لە مزگەوت. خات مەنیجیش کەسێکی وا بێدەنگ بوو. نێوکی منداڵانی دەبڕی. پێموابێت نێوکی تەواوی منداڵانی ئاوایی ئێمە و تەنانەت گەورەساڵانیش هەر خات مەنیج بڕیبوونی. ماوەیەکی پێچوو تا بڕێک خەڵک کۆبوونەوە. ئاویان بۆ کاک عەوڵا گەرم کرد لە نێو مەنجەڵێکی گەورە لە تەنیشت حەوشەکە لە سەر ئاورێکی گەورە. ئەودەم زۆربەی وا ئاویان گەرم دەکرد یان ئاوی عەمباراو بوو.
تەرمی عەوڵا کەچەڵیان شووشت و بەڕێی قەبرانی ئاوایییان کرد! لەبەردەرگا خات مەنیج پێی خۆش بوو لەگەڵ تەرمی کاک عەوڵا بچێت بۆ قەبران بەڵام هێز و توانای نەبوو و هیچ باویش نەبوو ژن بچێتە سەر قەبران بۆ ناشتنی مردووکەی. ئەو کات ٩ ساڵ دەبووم. مردنی زۆر کەسی نێو ئاواییم دیتووە بەڵام ئەوەی عەوڵا کەچەڵم باش لە بیرە. هەموو شتێک سەیر بوو! بێکەسی هاواری دەکرد لە تەواوی ئەو کات و ساتەدا. پێم خۆش نەبوو بیکەم بە وشە. هەر شتێک دەبێتە وشە ڕەنگ دەدۆڕێنێت بەڵام ئەوە هەر بۆ ساتۆ دەنووسم ئەگەر کەوتمە تەمەنی عەوڵا کەچەڵ با هەر ببێت و بمێنێت.
خات مەنیجیش دوایی چەند ساڵ بە تەنیایی لەو خانوو گڵییەدا ژیا و دوایی بردیان بۆ ساڵمەندان و هەر لەوێش وەک بزانم جارێک هەواڵی مردنیم بیست. ئەو وێنەیەش ئاخرین ئاسەواری ماڵەکەیانە کە چەند ساڵ پێش گرتبووم.
